Numbered one-step components in Kurdish language (in the framework of formation morphology)
پوختە ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵێکە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو پێکهاتە یەکهەنگاوییانەی زمانی کوردی کە تیایدا یەکێک لە پێکهاتەکانی کاتیگۆریی ژمارەیە. لە لێکۆڵینەوەکەدا لە ڕێی نەخشاکانەوە توانراوە پێکهاتە واتایی و فۆڕمییەکانی پێکهاتە ژمارەدارەکان لە چوارچێوەی مۆڕفۆلۆجیی پێکهێنان دەستنیشانبکرێت. مەبەست لە پێکهاتە یەکهەنگاوییە ژمارەدارەکان ئەو پێکهاتانەن کە زیاتر لە دوو کەرەستە لە پێکهاتەکانیاندا بەشدارن، کە ژمارە یەکێکە لەو کەرەستانە. ئەم بۆچوونە پشت بە مۆدێلی مۆڕفۆلۆجیی وشە_بناغە دەبەستێت، کە تیایدا وشە بچووکترین کەرەستەی لێکۆڵینەوەیە، وشە ناسادەکانیش بریتین لە پێکهاتەیەک کە هەردوو ڕووی فۆڕم و واتا لە ڕێی نەخشە و بەشەنەخشەکانەوە شیدەکرێنەوە. پێکهاتە یەکهەنگاوییە ژمارەدارەکان ڕۆڵی گرنگیان لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمان هەیە و لە زمانی کوردیشدا بایەخی ئەو پێکهاتانە لە دەوڵەمەندکردن و دروستکردنی وشەی نوێدا دەردەکەوێت. توێژینەوەکە توانیویەتی بگات بە نەخشەیەکی گشتی بۆ گشت پێکهاتە یەکهەنگاوییە ژمارەدارەکانی زمانی کوردی و لە کۆتاییی توێژینەوەکەدا نەخشە جیاوازەکان لە چوارچێوەی یەک نەخشەدا کۆکراونەتەوە. وشە کلیلییەکان: مۆڕفۆلۆجیی پێکهێنان، نەخشە، بەشەنەخشە، ژمارە، پێکهاتە یەکهەنگاوییەکان.